Image

کاریگەری بەکارهێنانی تووتن لەسەر بێهۆشکردن

جگەرەکێشان کاریگەری زۆر خراپی لەسەر جەستەی مرۆڤ هەیە زیاتر لە ٤٥٠٠ مادەی کیمیایی لە دوکەڵی جگەرەدا هەیە، و زۆرینەی ئەمانە کاریگەری زیانبەخشیان لەسەر سیستەمەکانی  جەستەی مرۆڤ هەیە بۆیە ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ڕێکاری بێهۆشکردن هەیە.

دڵ و سییەکانی جگەرەکێش وەک پێویست کارناکەن. لەوانەیە جگەرەکێشەکان لە کاتی نەشتەرگەری یان دوای نەشتەرگەری کێشەی هەناسەدانیان هەبێت و مەترسی تووشبوونیان بە هەوکردنی سییەکان زیاترە. هەروەها جگەرەکێشەکان زۆر زیاتر پێویستیان بە ئامێری هەناسەدان دەبێت، کە ئامێرێکە هەناسەی بۆ دەدات، دوای نەشتەرگەری. سەرەڕای ئەوەش، جگەرەکێشان ڕۆیشتنی خوێن کەمدەکاتەوە، ئەمەش چاکبوونەوە خاو دەکاتەوە، هەر بۆیە بڕینی نەشتەرگەری ئەو نەخۆشانە  ئەگەری تووشبوون و هەوکردنیان زیاترە. وە لەبەر ئەوەی جگەرەکێشان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، ئەگەری تووشبوونت بە جەڵتەی دڵ لە کاتی نەشتەرگەری یان دوای نەشتەرگەری زیاد دەکات. لە ئەنجامدا زۆر گرنگە پێش نەشتەرگەری واز لە جگەرەکێشان بهێنرێت لانیکەم هەفتەیەک یان چەند ڕۆژێک پێش نەشتەرگەری و کلینیکی هەڵسەنگاندنی پێش نەشتەرگەری دەرفەتێک بۆ گفتوگۆکردن و هاندانی وازهێنان لە جگەرەکێشان دەڕەخسێنێت.واتە کادری سڕکردن دەتوانێت ببێتە هاندەرێک بۆ کەسی جگەرەکێش کە واز لە جگەرەکێشان بهێنێت بە پێدانی زانیاری لەسەر مەترسیەکانی بەکارهێنانی جگەرە پێش کرداری نەشتەرگەری.