ئاوڵەی مەیموون
هەموو ئەو زانیاریانەی کە پێویستتانە لەسەر ئەم نەخۆشییە
KTI
ئاوڵەی مەیموون چییە؟
• لایەنی مێژوویی.
ئاوڵەی مەیموون نەخۆشییەکی گوازراوەیە و دەبێتە هۆی پەڵەی ئازاربەخش و گەورەبوونی گرێ لیمفاوییەکان و تا و سەرئێشە و ئازاری ماسولکەکان و ئازاری پشت و کەمبوونەوەی وزی لەش. زۆربەی خەڵک بە تەواوی چاک دەبنەوە، بەڵام هەندێکیان زۆر نەخۆش دەکەون. وە وەک نەخۆشیەکی زۆنۆتیک دادەنرێت واتە لەو نەخۆشیانەیە کە مرۆڤ لە ئاژەڵەوە تووشی دەبێت.
ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون لە دانیمارک (١٩٥٨) لەو مەیموونەکاندا دۆزرایەوە کە بۆ لێکۆڵینەوە ڕاگیرابوون. یەکەم حاڵەتی مرۆیی ئاوڵەی مەیموون کە ڕاگەیەنرا، کوڕێکی تەمەن نۆ مانگ بوو لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ (١٩٧٠). دوای بنبڕکردنی ئاوڵەی ئاسایی لە ساڵی ١٩٨٠ و کۆتایی هاتنی کوتانی ئاوڵەی ئاسایی لە سەرانسەری جیهاندا، ئاوڵەی مەیموون بە شێوەیەکی بەردەوام لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئەفریقا سەریهەڵدا. لەو کاتەوە، ئاوڵەی مەیموون وردە وردە ڕادەگەیەنرا لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا لە (جۆری یەکەم)، وە لە ڕۆژئاوای ئەفریقا (جۆری دووەم). لە ساڵی ٢٠٠٣دا، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیوەندی بە ئاژەڵەکێویە هاوردەکراوەکانەوە هەبوو . لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە ساڵانە هەزاران حاڵەت لە کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی تۆمار دەکرێت. لە ساڵی ٢٠١٧دا،ئاوڵەی مەیموون لە نەیجیریا سەریهەڵدایەوە و بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە لە نێوان خەڵک لە سەرانسەری وڵات و لە گەشتیارانی بۆ شوێنەکانی دیکە.
لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢، نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون لەناکاو و بە خێرایی لە سەرانسەری ئەوروپا و ئەمریکا و دواتر هەر شەش ناوچەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵاوبووەوە. ئەم بڵاوبوونەوە جیهانیە بە شێوەیەکی سەرەکی کاریگەری لەسەر (بەڵام نەک تەنها) هاوڕەگەزبازان، دووڕەگەزبازان و پیاوانی دیکە هەبووە کە سێکس لەگەڵ پیاوان دەکەن و لە ڕێگەی پەیوەندی سێکسیەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بڵاوبووەتەوە. لە ساڵی ٢٠٢٢دا، بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیموون بەهۆی (جۆری یەکەم) لە کەمپەکانی پەنابەران لە کۆماری سودان ڕوویدا.
هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆدا ڕێژەی تووشبوون و مردنی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. لە هەندێک ناوچەی وڵاتدا، لقێکی نوێی (جۆری یەکەم) کە پێی دەوترێت (جۆری یەکەم b)، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بڵاوبووەتەوە. لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٤ەوە، ئەم جۆرە لە وڵاتانی دیکەشدا ڕاگەیەنراوە.
• لایەنی مایکرۆبایۆلۆجی.
Mpox بەهۆی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون (MPXV)ەوە درووست دەبێت کە ئەم ڤایرۆسە ڤایرۆسێکی Enveloped double-Stranded DNA Orthopoxvirus genus لەخێزانی Proxviridaeیە کە ڤایرۆسەکانی ڤاریۆلا، کۆکە، ڤاکسینیا و ڤایرۆسەکانی دیکە لەخۆدەگرێت. دوو جۆری جیاوازی ڤایرۆسەکە هەیە: جۆری I (بە ژێر جۆرەکانی Ia و Ib) و جۆری II (بە ژێر جۆرەکانی IIa و IIb).
• گواستنەوەی نەخۆشیەکە.
1-ئاوڵەی مەیموون لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بڵاودەبێتەوە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی بەرکەوتنی نزیک لەگەڵ کەسێک کە ئاوڵەی مەیموونی هەیە، لەوانەش ئەندامانی ماڵێک. بەرکەوتنی نزیک بریتییە لە پێست بە پێست (وەک دەست لێدان یان سێکس) و بەرکەوتنی دەم بە دەم یان دەم بە پێست (وەک ماچکردن)، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کەسێکدا کە ئاوڵەی مەیموونیی هەیە (وەک قسەکردن یان هەناسەدان لە نزیک یەکتر، کە دەتوانێت تەنۆلکەی تووشکەری هەناسە دروست بکات).
ئەو کەسانەی کە چەندین هاوبەشی سێکسییان هەیە، مەترسی تووشبوونیان بە زیاترە.
2-هەروەها خەڵک دەتوانن تووشی ئاوڵەی مەیموون ببن لە شتە پیسبووەکانی وەک جل و بەرگ، لە ڕێگەی برینداربوونی بە دەرزی لە چاودێری تەندروستی، یان لەو شوێنانەی کۆبوونەوەی تێدایە وەکو تاتۆخانەکان.
3-گواستنەوەی ئاوڵەی مەیموون لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ: لە ئاژەڵە تووشبووەکانەوە بۆ مرۆڤ لەڕێگەی پێوەدان یان ڕووشانەوە ڕوودەدات، یان لە کاتی چالاکییەکانی وەک ڕاوکردن، کەوڵکردن، تەڵەدانان، چێشت لێنان، یان خواردنی ئاژەڵەکان. گوماناویترین ئاژەڵەکان بریتین لە مەیموون، مشک، سمۆرە.
4-لە کاتی دووگیانی یان لەدایکبووندا، لەوانەیە ڤایرۆسەکە بگوازرێتەوە بۆ کۆرپە. تووشبوون بە ئاوڵەی مەیموون لە کاتی دووگیانیدا دەتوانێت مەترسیدار بێت بۆ کۆرپە یان کۆرپەی تازە لەدایکبوو و دەبێتە هۆی لەدەستدانی دووگیانی، لەدایکبوونی مردوو، مردنی تازەلەدایکبوو، یان لێکەوتەی خراپ بۆ دایک و باوک
• نیشانەکانی نەخۆشیەکە.
ئاوڵەی مەیموون دەبێتە هۆی نیشانە کە بەزۆری لە ماوەی هەفتەیەکدا دەست پێدەکات بەڵام دەکرێت 1-21 ڕۆژ دوای بەرکەوتن دەست پێبکات. نیشانەکان بە شێوەیەکی گشتی ٢-٤ هەفتە دەخایەنن بەڵام لەوانەیە لە کەسێکدا زیاتر بمێننەوە کە سیستەمی بەرگری لاوازە.
ئاوڵەی مەیموون نیشانە باوەکانی بریتین لە:
•لیر
•تا
•قوڕگ ئێشە
•ژانەسەر
• ئازاری ماسولکەکان
• ئازاری پشت
• بێ هێزی
• ئاوسانی گرێ لیمفاوییەکان.
• لێکەوتەخراپەکانی نەخۆشیەکە.
1. تووشبوون بە بەکتریا.
2.هەوکردنی سییەکان.
3.هەوکردنی چاو لەگەڵ لەدەستدانی بینین.
4.ئازار یان سەختی قووتدان.
5. ڕشانەوە و سکچوون کە دەبێتە هۆی وشکبوونەوە و بەدخۆراکی.
6.سپێسیس.
7. هەوکردنی مێشک.
8.هەوکردنی ماسولکەکانی دڵ.
9. هەوکردنی کۆم.
10.هەوکردنی کۆئەندامی زاوزێ.
11. هەوکردنی میزڵدان.
12.مردن.
• چارەسەر و خۆپاراستن.
ئامانج لە چارەسەرکردنی ئاوڵەی مەیموون گرنگیدانە بە پەڵە وچارەسەرکردنی ئازار و ڕێگریکردنە لە لێکەوتەخراپەکانی نەخۆشیەکە. چاودێری پێشوەختە و پشتیوانی گرنگە بۆ یارمەتیدانی چارەسەرکردنی نیشانەکان و دوورکەوتنەوە لە کێشەی زیاتر.
وەرگرتنی ڤاکسینی ئاوڵەی مەیموون دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ڕێگریکردن لە تووشبوون (خۆپارێزی پێش بەرکەوتن). کە ئەمە پێشنیار دەکرێت بۆ ئەو کەسانەی کە مەترسی تووشبوونیان بەئاوڵەی مەیموون زۆرە، بەتایبەتی لە کاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەدا.
ئەو گروپانەی کە لەوانەیە مەترسی زۆریان لەسەر ئاوڵەی مەیموون هەبێت بریتین لە:
• کارمەندانی تەندروستی و چاودێری کە مەترسی بەرکەوتنیان لەسەرە
• ئەو کەسانەی لە هەمان ماڵ یان کۆمەڵگەی نزیکدان لەگەڵ کەسێک کە ئاوڵەی مەیموونی هەیە، لەوانەش منداڵان.
• ئەو کەسانەی کە چەندین هاوبەشی سێکسیان هەیە، لەوانە ئەو پیاوانەی کە سێکس لەگەڵ پیاوان دەکەن.
هەروەها دەتوانرێت ڤاکسینەکە بدرێت بە کەسێک دوای ئەوەی کەسەکە بەرکەوتنی لەگەڵ کەسێکدا هەبووە کە ئاوڵەی مەیموونی هەیە (خۆپاراستنی دوای بەرکەوتن), لەم حاڵەتانەدا پێویستە ڤاکسینەکە کەمتر لە ٤ ڕۆژ دوای بەرکەوتن لەگەڵ کەسێک بدرێت کەئاوڵەی مەیموونی هەیە. ڤاکسینەکە دەتوانرێت بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ بدرێت ئەگەر کەسەکە نیشانەکانی دەرنەکەوتبێت.
هەندێک لە دژە ڤایرۆسەکان لە هەندێک وڵاتدا مۆڵەتی بەکارهێنانی فریاگوزارییان وەرگرتووە و لە تاقیکردنەوە کلینیکییەکان هەڵدەسەنگێندرێن. تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی دژە ڤایرۆسی کاریگەری سەلمێنراو بۆئاوڵەی مەیموون نییە. بەردەوامبوون لە هەڵسەنگاندنی چارەسەرییەکان لە تاقیکردنەوە کلینیکییە بەهێزەکاندا و گرنگیدان بە باشکردنی چاوەدێری پشتیوانی بۆ نەخۆشەکان لە پێشینەی کارەکانە.
• گرنگیدان بە خود و خۆپاراستن.
زۆربەی ئەو کەسانەی کە ئاوڵەی مەیموونیان هەیە لە ماوەی ٢-٤ هەفتەدا چاک دەبنەوە. ئەو شتانەی کە ئەنجام بدرێت بۆ یارمەتیدانی نیشانەکان و ڕێگریکردن لە گواستنەوەی ئاوڵەی مەیموون بۆ کەسانی تر:
ئەمانە ئەنجامبدە:
.بۆ وەرگرتنی ئامۆژگاری پەیوەندی بە چاوەدێری تەندروستیەوە بکە
•لەماڵەوە بمێنەرەوە بەتەنها و گەر توانیت با لەژوورێک بیت هەواگۆڕکێ باشبێت تیایدا
• زوو زوو دەستەکان بە ئاو و سابون یان پاککەرەوەی دەست بشۆ، بەتایبەت پێش یان دوای دەست لێدانی برین
• ماسک ببەستە و برینەکان داپۆشە کاتێک لە دەوروبەری کەسانی تردایە تا برینەکەت چاک دەبێتەوە
• پێست بە وشکی و بێ داپۆشینی بهێڵەرەوە (مەگەر لە ژوورێکدا لەگەڵ کەسێکی تردا نەبێت)
• دوور بکەوەرەوە لە دەست لێدانی شتەکان لە شوێنە هاوبەشەکان و زۆرجار شوێنە هاوبەشەکان تەعقیم بکە.
• بەکارهێنانی ئاوی خوێ بۆ شۆردنی برینەکانی دەم
• حەمامی گەرم بکە بە سۆدەی نان یان بە خوێی ئێپسۆم بۆ برینەکانی جەستەت
ئەو دەرمانانە بەکاربهێنە کە ڕەچەتەی پێویست نیە وەک ئازارشکێنەکانی وەک پاراسیتۆڵ و پڕۆفین.
دووربکەوە لە ئەنجامدانی ئەمانە:
• تەقاندنی بڵق و خوراندنی برینەکانت، کە ئەبێتە هۆی خاوبوونەوەی ساڕێژبوونی برینەکە وە زیاتر بەلەشدا بڵاو دەبێتەوە وە وادەکات برینەکان تووشی هەوکردن ببن.
• تاشینی ئەو شوێنانەی کە بریندارن هەتا قەتماغەکەی چاکدەبێتەوە و پێستی نوێ درووست دەبێ(چونکە دووبارە دەبێتە هۆی زیاتر بڵاو بوونەوەی بەلەشدا).
• ئامار و پەتازانیی.
داتاکان لە 1ی کانوونی دووەمی 2022 تا 31ی تەمموزی 2024:-
کۆی گشتی حاڵەتەکان: 102997
کۆی گشتی مردن: 223
ئەو وڵاتانەی کە حاڵەتیان تیا تۆمارکراوە: 121
کۆی گشتی حاڵەتەکان لە تەمموزی 2024: 1425
کۆی گشتی مردن لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٤: ٦
ئەو وڵاتانەی کە لە تەمموزی ٢٠٢٤ حاڵەتیان تیا تۆمارکراوە: ٣٥
حاڵەتی تۆمارکراو لە عێراق و کوردستان: 0